Add parallel Print Page Options

16 «هەروەها جەژنی دروێنە، یەکەمین بەرهەمی ڕەنجتان، ئەوەی لە کێڵگە دەیچێنن.

«هەروەها جەژنی کۆکردنەوە لە کۆتایی ساڵدا کاتێک ڕەنجەکەتان لە کێڵگە کۆدەکەنەوە.

17 «سێ جار لە ساڵێکدا هەموو نێرینەکانتان لەبەردەم یەزدانی باڵادەست ئامادە دەبن.

18 «خوێنی قوربانیم لەگەڵ شتی بە هەویرترش پێشکەش مەکەن.

«پیوی[a] قوربانی جەژنم هەتا بەیانی نەمێنێتەوە.

19 «باشترینی یەکەمین بەرهەمی زەوییەکەتان بۆ ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان بهێنن. هیچ کاریلەیەک بە شیری دایکی لێمەنێن.

ئامادەکردنی ڕێگاکە لەلایەن فریشتەی خودا

20 «ببینن، من فریشتەیەک لەپێشتانەوە دەنێرم بۆ ئەوەی لە ڕێگا بتانپارێزێت و بتانهێنێتە ئەو شوێنەی ئامادەم کردووە. 21 لێی ئاگاداربن و گوێ لە فەرمایشتی بگرن و تووڕەی مەکەن، چونکە لە یاخیبوونتان نابوورێت، لەبەر ئەوەی ناوی منی تێدایە. 22 بەڵام ئەگەر گوێتان لە فەرمایشتی گرت و هەموو ئەوانەی دەیڵێم جێبەجێی بکەن، ئەوا دژایەتی دوژمنەکانتان دەکەم و تەنگ هەڵدەچنم بە تەنگ پێهەڵچنانتان. 23 فریشتەکەم لەپێشتانەوە دەڕوات و دەتانباتە خاکی ئەموری و حیتی و پریزی و کەنعانی و حیڤی و یەبوسییەکان، ئەوان لەناودەبەم. 24 کڕنۆش بۆ خوداوەندەکانیان مەبەن و مەیانپەرستن و وەک نەریتەکانی ئەوان مەکەن، بەڵکو بە تەواوی وردوخاشیان بکەن و بەردە تەرخانکراوەکانیان[b] بە تەواوی بشکێنن. 25 یەزدانی پەروەردگارتان دەپەرستن، ئەویش نان و ئاوتان بەرەکەتدار دەکات. دەرد لەنێوتان ناهێڵم. 26 لەبارچوو و نەزۆک نابێت، لە خاکەکەتان جوانەمەرگتان ناکەم.

27 «سامناکی خۆم لەپێشتانەوە دەنێرم و هەموو ئەو نەتەوانەی دەچنە سەریان، سەریان لێ دەشێوێنم و وا دەکەم هەموو دوژمنەکانتان هەڵبێن. 28 زەردەواڵەش[c] لەپێشتانەوە دەنێرم و حیڤی و کەنعانی و حیتییەکان لەپێشتان ڕابماڵن. 29 بەڵام لە ماوەی یەک ساڵ لەپێشتان ڕایانناماڵم، نەوەک خاکەکە وێران بێت و ئاژەڵی کێوی لەسەرتان زیاد بکات. 30 هێواش هێواش لەپێشتان ڕایاندەماڵم، هەتا ئەوەی بەردار دەبن و دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن.

31 «سنوورەکەشتان دادەنێم، لە دەریای سوورەوە هەتا دەریای سپی ناوەڕاست[d] و لە چۆڵەوانییەوە هەتا ڕووباری فورات، چونکە دانیشتووانی خاکەکە دەدەمە دەستتان و ئێوەش لەپێش خۆتان ڕایاندەماڵن. 32 نە لەگەڵ ئەوان نە لەگەڵ خوداوەندەکانیان پەیمان مەبەستن. 33 با لە خاکەکەتاندا نیشتەجێ نەبن، نەوەک واتان لێ بکەن گوناه سەبارەت بە من بکەن، چونکە ئەگەر خوداوەندی ئەوان بپەرستن ئەوا دەبێتە تەڵە بۆتان.»

دووپاتکردنەوەی پەیمانەکە

24 ئینجا بە موسای فەرموو: «سەربکەوە بۆ لای یەزدان، خۆت و هارون و ناداب و ئەبیهو و حەفتا لە پیرانی ئیسرائیل، لە دوورەوە کڕنۆشی بۆ ببەن. بەڵام تەنها موسا لە یەزدان نزیک دەبێتەوە و ئەوانی دیکە نزیک ناکەونەوە، خەڵکەکەش لەگەڵی سەر ناکەون.»

موساش هات و هەموو وشەکانی یەزدان و هەموو یاساکانی بۆ خەڵکەکە گێڕایەوە، هەموو گەلیش بە یەک دەنگ وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «هەموو ئەو وشانەی یەزدان فەرموویەتی دەیکەین.» موساش هەموو وشەکانی یەزدانی نووسی.

بەیانی زوو هەستا و قوربانگایەکی لەبن کێوەکە بنیاد نا لەگەڵ دوازدە ستوون بۆ دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل. لاوانی نەوەی ئیسرائیلیشی نارد و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان لە جوانەگاکان[e] بۆ یەزدان پێشکەش کرد. موسا نیوەی خوێنەکەی لەناو جامێک کرد و نیوەکەی دیکەشی بەسەر قوربانگاکەدا پرژاند. ئینجا پەڕتووکی پەیمانەکەی هەڵگرت و بۆ گەلی خوێندەوە، ئەوانیش گوتیان: «هەموو ئەوەی یەزدان فەرموویەتی دەیکەین و گوێی لێ دەگرین.»

ئینجا موسا خوێنەکەی هەڵگرت و بەسەر گەلدا پرژاندی و گوتی: «ئەمە خوێنی ئەو پەیمانەیە[f] کە یەزدان لەگەڵتانی بەستووە بەگوێرەی ئەم وشانە.»

دواتر موسا و هارون و ناداب و ئەبیهو و حەفتا لە پیرانی ئیسرائیل سەرکەوتن و 10 خودای ئیسرائیلیان بینی، لەژێر پێیەکانی شتێکی وەک بەردڕێژکراویان بینی بە بەردی یاقووتی شین[g] و وەک ئاسمانی ساماڵ لە بێگەردی. 11 بەڵام دەستی بۆ پیاوماقوڵانی نەوەی ئیسرائیل درێژ نەکرد. خودایان بینی، ئینجا خواردیان و خواردیانەوە.

12 یەزدان بە موسای فەرموو: «سەربکەوە بۆ لام بۆ کێوەکە و لەوێ بە، دوو تەختە بەردت دەدەمێ، فێکردنەکان و فەرمانەکانی تێدایە کە بۆ فێرکردنیان نووسیومە.»

13 ئینجا موسا و یەشوعی یاریدەدەری هەستان، موسا بۆ کێوی خودا سەرکەوت. 14 بە پیرانیشی گوت: «لێرە چاوەڕێمان بکەن هەتا دەگەڕێینەوە لاتان، ئەوەتا هارون و حووریش لەگەڵتانن، ئەگەر یەکێک داواکاری یاخود ناکۆکی هەبوو با بچێتە لایان.»

15 ئیتر موسا بەسەر کێوەکە کەوت و هەور کێوەکەی داپۆشی. 16 شکۆمەندی یەزدانیش لەسەر شاخی سینا نیشتەوە. بۆ ماوەی شەش ڕۆژ هەور کێوەکەی داپۆشی، لە ڕۆژی حەوتەم لەنێو هەورەوە موسای بانگکرد. 17 دیمەنی شکۆمەندی یەزدانیش وەک ئاگرێکی بێ ئامان بوو لەسەر کێو، لەبەرچاوی نەوەی ئیسرائیل. 18 ئینجا موسا هاتە ناو هەورەکەوە و بۆ سەر کێوەکە سەرکەوت. موسا چل شەو و چل ڕۆژی پێچوو لە کێوەکە.

پیتاک بۆ پێداویستییەکانی چادری پەرستن[h]

25 یەزدان بە موسای فەرموو: «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ با بەخشینم پێشکەش بکەن، هەر یەکێک کە لەسەر دڵی بێت ببەخشێت. ئەمانەش ئەو پێشکەشکراوانەن کە لێیان وەردەگرن: زێڕ و زیو و بڕۆنز؛ ڕیسی جوان و باریک بە ڕەنگی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک و مووی بزن؛ پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور و پێستی مانگای دەریا[i] و داری ئەکاسیا[j]؛ زەیتی زەیتوون بۆ چرا؛ بۆنوبەرام بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بۆ بخووری بۆنخۆش؛ بەردی عاشقبەند و بەردی گرانبەهای دیکە بۆ ئێفۆد[k] و بۆ بەرسینە.

«پیرۆزگایەکیشم بۆ دروستدەکەن بۆ ئەوەی لەنێویاندا نیشتەجێ بم، وەک هەموو ئەوەی پیشانت دەدەم لە نموونەی چادری پەرستن و نموونەی هەموو کەلوپەلەکانی، بەم شێوە دروستی بکەن.

سندوقی پەیمان

10 «سندوقێکیش لە داری ئەکاسیا دروستبکرێت، درێژییەکەی دوو باڵ و نیو[l] و پانییەکەی باڵ و نیوێک[m] و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک بێت، 11 ڕووی ناوەوە و دەرەوەی بە تەواوی بە زێڕی بێگەرد ڕووکەش بکرێت و بە چواردەوریشیدا چوارچێوەی زێڕینی بۆ دروستبکرێت. 12 چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ دابڕێژرێت و لەسەر چوار پایەکەی دابنرێت، دوو بازنە لەلایەک و دوو بازنەش لەلایەکەی دیکەی. 13 دوو داریش لە داری ئەکاسیا دروستبکرێت و بە زێڕ ڕووکەش بکرێن. 14 دارەکانیش بخرێتە ناو بازنەکانی سەر هەردوو لای سندوقەکە، بۆ هەڵگرتنی سندوقەکە پێیان. 15 دارەکان لەناو بازنەکانی سندوقەکە دەبن، لێیان دەرناهێنرێن. 16 لەناو سندوقەکەش[n] ئەو دوو تەختەی پەیمان[o] دادەنێیت کە پێت دەدەم.

17 «قەپاغی کەفارەتیش[p] لە زێڕی بێگەرد دروستبکرێت کە دوو باڵ و نیو درێژییەکەی و باڵ و نیوێک پانییەکەی بێت. 18 دوو کەڕوب[q] لە زێڕی کوتراو دروستبکرێت، بە هەردوو لای قەپاغی کەفارەتەکەوە بکرێت. 19 کەڕوبێک لەلایەک دروستبکرێت و کەڕوبەکەی دیکەش لەلایەکەی دیکە، هەردوو کەڕوبەکان لەگەڵ قەپاغەکەی کەفارەت یەک پارچە بن. 20 دەبێت کەڕوبەکانیش باڵیان بۆ سەرەوە لێک کردبێتەوە و بە باڵەکانیان سێبەریان بەسەر قەپاغی کەفارەتەکە کردبێت. کەڕوبەکان ڕووبەڕوو بن و ڕوویان لە قەپاغی کەفارەتەکە بێت. 21 قەپاغی کەفارەتەکە لەسەر سندوقەکە و لەلای سەرەوە دابنرێت، لەناو سندوقەکەش ئەو دوو تەختەی پەیمان دادەنێیت کە من پێت دەدەم. 22 لەوێ لەگەڵت کۆدەبمەوە و لەگەڵت دەدوێم، لەسەر قەپاغی کەفارەتەکە لەنێوان دوو کەڕوبەکەی سەر سندوقی پەیمان[r]، سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی فەرمانت پێدەدەم بۆ نەوەی ئیسرائیل.

مێزەکە

23 «هەروەها مێزێک لە داری ئەکاسیا دروستبکرێت، کە درێژییەکەی دوو باڵ[s] و پانییەکەی باڵێک[t] و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک[u] بێت. 24 بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەش بکرێت و چوارچێوەیەکی زێڕینیشی لە چواردەوری بۆ دروستبکرێت. 25 لێوارێکیشی بە پانی چوار پەنجە لە چواردەوری دروستبکرێت و چوارچێوەیەکی زێڕینیش بۆ لێوارەکە لە دەوری دابنرێت. 26 چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ دروستبکرێت، بازنەکان لەسەر هەر چوار گۆشەکەی چوار پایەکەی دابنرێت. 27 بازنەکان لەلای لێوارەکەوە دەبن بە گیرە بۆ دوو دار بۆ هەڵگرتنی مێزەکە. 28 دوو دارەکەش لە داری ئەکاسیا دروستبکرێن، بە زێڕ ڕووکەش بکرێن، بەوان مێزەکە هەڵدەگرێت. 29 لەگەن و قاپەکانی لە زێڕی بێگەرد دروستبکرێت، هەروەها دۆلکە و تاسەکانیش کە پێشکەشکراوەکانی پێ دەڕژێنرێت. 30 لەسەر مێزەکەش نانی تەرخانکراو بەردەوام لەپێشم دادەنرێت.

چرادانەکە

31 «هەروەها چرادانێک لە زێڕی بێگەرد دروستبکرێت، ژێر چرادانەکە و قەدەکەی لە زێڕی کوتراو دروستبکرێت، کاسەکانی و گرێیەکانی و خونچەکانی لە خۆی دەبێت. 32 شەش لقیش لە هەردوو لایەوە دەردەچێت، سێ لق چرادان لەلایەک و سێ لق چرادان لەلایەکەی دیکە. 33 سێ کاسەی بادەمی لە لقێک بە گرێ و خونچەوە و سێ کاسەی بادەمی لە لقێکی دیکە بە گرێ و خونچەوە، ئاوا هەتا لقی شەشەم کە لە چرادانەکەوە دەردەچن. 34 هەروەها لە چرادانەکە چوار کاسەی بادەمی بە گرێ و خونچەکانیانەوە هەیە. 35 هەر جووتێک لق لە شەش لقەکە گرێیەکیان لەژێر بوو، هەتا شەشەم لق کە لە چرادانەکە دەردەچن. 36 گرێ و لقەکان لە خۆی دەبن، هەمووشیان لە زێڕی بێگەردی کوتراو دەبێت.

37 «حەوت چراشی بۆ دروستبکرێت و چراکانی بەرز دەکەیتەوە هەتا پێشی ڕووناک بکاتەوە. 38 مەقاش و مەقەڵییەکانیشی لە زێڕی بێگەرد دەبن. 39 چرادانەکە و هەموو کەلوپەلەکانی لە تالنتێک[v] زێڕی بێگەرد دروستبکرێت. 40 بڕوانە ئەو شتانە لەسەر ئەو نموونەیە دروستبکەی کە لەسەر کێوەکە پیشانت دراوە.

چادری پەرستن

26 «چادری پەرستنیش لە پڵاسی[w] کەتانی ڕستراو دروستبکە، هەروەها بە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزا وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر بکە. درێژایی هەر پڵاسێک بیست و هەشت باڵ[x] و پانییەکەی چوار باڵ[y] بێت، یەک ئەندازەش بۆ هەموو پڵاسەکان. پێنج پڵاس پێکەوە ببەستە و پێنجەکەی دیکەش پێکەوە. ئەڵقە لە ڕیسی مۆر لەسەر لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی یەکەم دروستبکە، هەمان شت بۆ لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی دووەم بکە. پەنجا ئەڵقە بۆ پڵاسی یەکەم دروستدەکەیت و پەنجا ئەڵقەی دیکەش بۆ لای ئەو پڵاسەی کە لە پارچەکەی دووەمە، ئەڵقەکانیش بەرامبەر یەکتری بن. پەنجا فاقی زێڕیش دروستبکە. بە فاقەکان پڵاسەکان هەریەکە و لەوەی تەنیشتی ببەستەوە. ئیتر چادری پەرستن دەبێتە یەک پارچە.

«ڕەشماڵێک لە یازدە پڵاس لە مووی بزن دروستبکە و سەری چادری پەرستنی پێ بگرە، درێژایی هەر پڵاسێک سی باڵ[z] و پانی چوار باڵ[aa] بێت، یەک ئەندازەش بۆ هەر یازدە پڵاسەکە. پێنج لە پڵاسەکان پێکەوە ببەستەوە و شەشەکەی دیکەش پێکەوە، پڵاسی شەشەمیش بەڕووی چادرەکەدا بنووشتێنەوە. 10 پەنجا ئەڵقە لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی یەکەم دروستبکە، پەنجا ئەڵقەش لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی دووەم. 11 پەنجا فاقی بڕۆنزیش دروستبکە و فاقەکان بخە ناو ئەڵقەکان، چادرەکە پێکەوە ببەستەوە و دەبێتە یەک پارچە. 12 ئەوەش کە شۆڕدەبێتەوە و لە پڵاسەکانی چادرەکە دەمێنێتەوە، نیوەی ئەو پڵاسەی دەمێنێتەوە بەسەر کۆتایی چادرەکەی پەرستندا شۆڕی بکەوە. 13 باڵێک[ab] لەم لا، باڵێک لەو لا لەوەی دەمێنێتەوە لە درێژایی پڵاسی چادرەکە شۆڕ بکرێنەوە بەسەر دوو لای چادرەکەی پەرستندا، لەم لاو لەو لاوە بۆ داپۆشینی. 14 پۆشەرێکیش لە پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور بۆ چادرەکە دروستبکە، پۆشەرێکیش لە پێستی مانگای دەریا لە سەرەوە.

15 «چوارچێوەش لە داری ئەکاسیا بە ستوونی بۆ چادرەکەی پەرستن دروستبکە. 16 درێژایی هەر چوارچێوەیەک دە باڵ[ac] و پانی باڵ و نیوێک[ad] بێت. 17 دوو زمانەش بۆ هەر چوارچێوەیەک دروستبکە بۆ جووتکردنی لەگەڵ چوارچێوەکەی تەنیشتی، بۆ هەریەک لە چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن ئاوا بکە. 18 چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستنیش، بیستیان لەلای باشوور دروستبکە، 19 چل بنکەی زیویش لەژێر بیست چوارچێوەکە دروستبکە، دوو بنکە لەژێر هەر چوارچێوەیەک بۆ دوو پێچکەکەی. 20 بیست چوارچێوەی بۆ لای باکووری چادرەکەی پەرستن دروستبکە. 21 چل بنکەی زیویشی هەبێت، دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک و دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەکی دیکە. 22 بۆ پشتی چادرەکەی پەرستنیش بەرەو ڕۆژئاوا شەش چوارچێوە، 23 دوو چوارچێوەش بۆ گۆشەکانی دواوەی چادرەکەی پەرستن دروستبکە. 24 دەبێت لە خوارەوە جووت بن و هەتا سەرەوە یەک بن، هەتا بازنەکەی سەرەوە، بۆ هەردوو گۆشەکە ئاوا بن. 25 ئینجا دەبێتە هەشت چوارچێوە و بنکە زیوەکانیشیان شازدە دەبێت، هەردوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک و دوو بنکەی دیکەش لەژێر چوارچێوەیەکی دیکە.

26 «هەروەها پێنج کاریتە لە داری ئەکاسیا بۆ چوارچێوەکانی لایەکی چادرەکەی پەرستن دروستبکە، 27 پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لایەکەی دیکەی چادرەکەی پەرستن، پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لای دواوەی چادرەکەی پەرستن لەلای ڕۆژئاوا. 28 کاریتەکەی ناوەڕاستیش بەنێو چوارچێوەکاندا تێبپەڕێت لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر. 29 چوارچێوەکانیش بە زێڕ ڕووکەش بکە و بازنەکانیشی کە کاریتەکانی دەچنە ناو لە زێڕ دروستبکە، کاریتەکانیش بە زێڕ ڕووکەش بکە.

30 «چادرەکەی پەرستنیش لەسەر ئەو نەخشەیە هەڵبدە کە لە کێوەکە پیشانت دراوە.

31 «پەردەیەکیش لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستبکە، بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزاش وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر دروستبکە. 32 بیخە سەر چوار کۆڵەکەی[ae] لە داری ئەکاسیا دروستکراو و بە زێڕ ڕووکەشکراو، قولاپەکانیشیان لە زێڕ بێت، لەسەر چوار بنکەی زیو بن. 33 چەند فاقێکیش بەلای سەرەوەی پەردەکەوە بکە و سندوقی پەیمانیش بهێنە ئەوێ بۆ دیوی ژوورەوەی پەردەکە. پەردەکە شوێنی پیرۆز و شوێنی هەرەپیرۆز[af] لە یەکتری جیا دەکاتەوە بۆتان. 34 قەپاغی کەفارەتیش لەسەر سندوقی پەیمان لە شوێنی هەرەپیرۆز دابنێ. 35 مێزەکەش لە دەرەوەی پەردەکە دابنێ و چرادانەکەش بەرامبەر مێزەکە لەلایەکی چادرەکەی پەرستن لەلای باشوور دابنێ و مێزەکەش لەلای باکوور.

36 «پەردەی دەروازەش بۆ دەرگای چادرەکە لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستبکە، چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک. 37 بۆ پەردەی دەروازەکەش پێنج ستوونی لە داری ئەکاسیا و بە زێڕ ڕووکەشکراو دروستبکە، قولاپەکانیشیان لە زێڕ بن و پێنج بنکەی بڕۆنزیشیان بۆ دابڕێژە.

قوربانگای قوربانی سووتاندن

27 «قوربانگاش لە داری ئەکاسیا دروستبکە، درێژییەکەی پێنج باڵ[ag] و پانییەکەی پێنج باڵ بێت، قوربانگاکە چوارگۆشە بێت، بەرزاییەکەشی سێ باڵ[ah] بێت. قۆچەکانیشی لەسەر هەر چوار گۆشەکەی بێت، قۆچەکان لە خۆی بێت و بە بڕۆنز ڕووکەشی بکە. تەشتەکانی کە بۆ هەڵگرتنی خۆڵەمێشەکەی و هەروەها خاکەناز، تاس[ai]، چەنگاڵ، مەقەڵی و هەموو قاپوقاچاغەکەی لە بڕۆنز دروستبکە. کەتیبەیەکی وەک تۆڕیشی بۆ دروستبکە لە بڕۆنز، لەسەر تۆڕەکەش چوار ئەڵقەی بڕۆنز لەسەر هەر چوار لایەکەی دروستبکە. بیخە ژێر لێواری قوربانگاکە و تۆڕەکەش هەتا ناوەڕاستی قوربانگاکە بێت. دوو داریش بۆ قوربانگاکە لە داری ئەکاسیا دروستبکە و بە بڕۆنز ڕووکەشیان بکە. دوو دارەکەش بخەرە ناو ئەڵقەکانەوە، ئیتر دارەکان بە هەردوو لای قوربانگاکەوە دەبن لە کاتی هەڵگرتنی. قوربانگاکەش لە تەختە دروستبکە و ناوەکەی بۆش بێت. هەروەک لە کێوەکە پیشانت درا ئاوای دروستبکە.

حەوشەی چادرەکەی پەرستن

«حەوشەی چادرەکەی پەرستنیش لەلای باشوور دروستبکە، بۆ حەوشەکە چەند پەردەیەک دەبێت لە کەتانی ڕستراو بە درێژی سەد باڵ[aj] بۆ یەک لا، 10 کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبێت. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بن. 11 ئاواش بۆ لای باکوور لە درێژیدا پەردەکان سەد باڵ درێژ بن، کۆڵەکەکانیشی بیست دانە بن و بیست بنکەی بڕۆنزیشی بێت. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بن.

12 «لە پانی حەوشەکەش بەرەو ڕۆژئاوا چەند پەردەیەک بە درێژایی پەنجا باڵ[ak] و کۆڵەکەکانی دە دانە و بنکەکانیشی دە. 13 لە پانی حەوشەکەش لەلای ڕۆژهەڵات و ڕووەو خۆر هەڵاتن پەنجا باڵ. 14 چەند پەردەیەکیش بۆ لایەکی بە درێژی پازدە باڵ[al]، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بن. 15 بۆ لایەکەی دیکەش چەند پەردەیەک بە درێژایی پازدە باڵ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بن.

16 «بۆ دەروازەی حەوشەکەش پەردەیەک کە بیست باڵ[am] درێژ و لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو، چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک و کۆڵەکەکانی چوار و بنکەکانیشی چوار بن. 17 هەموو کۆڵەکەکانی حەوشەکەش ئەڵقەی زیویان هەبێت بە دەوریان و قولاپەکانی لە زیو و بنکەکانی لە بڕۆنز بن. 18 درێژایی حەوشەکە سەد باڵ بێت و پانییەکەی پەنجا بە پەنجایە و بەرزاییەکەشی پێنج باڵ[an] و لە کەتانی ڕستراو و بنکەکانیشی لە بڕۆنز بن. 19 هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی دیکە کە لە خزمەتی چادرەکەی پەرستن بەکاردەهێنرێن، بە هەر شێوەیەک بەکاردێت، لەگەڵ هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و حەوشەکە، دەبێت لە بڕۆنز دروستکرابن.

زەیت بۆ چرادانەکە

20 «تۆش فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە با زەیتی زەیتوونی سادە و گوشراوت بۆ ڕووناکی بۆ بهێنن، هەتا چرا بەردەوام داگیرساو بێت. 21 لەناو چادری چاوپێکەوتن[ao] لە دەرەوەی پەردەکە ئەوەی لەبەردەم سندوقی پەیمانە[ap]، هارون و کوڕەکانی لە ئێوارەوە هەتا بەیانی لەبەردەم یەزدان ڕێکی بخەن، فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ نەوەکانیان لەنێو نەوەی ئیسرائیل.

جلوبەرگی کاهینیێتی

28 «تۆش لەنێو نەوەی ئیسرائیل هارونی برات لە خۆت نزیک بکەوە، لەگەڵ ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتامار، کوڕانی هارون، بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن. جلوبەرگی پیرۆزیش بۆ هارونی برات دروستبکە بۆ شکۆمەندی و ڕێزگرتن. تۆش لەگەڵ بەهرەمەندەکان قسە بکە، ئەوانەی پڕمکردوون لە ڕۆحی دانایی، بۆ ئەوەی جلوبەرگەکەی هارون دروستبکەن بۆ تەرخانکردنی هەتا کاهینیێتیم بۆ بکات. ئەمانەش ئەو جلوبەرگەن کە دروستی دەکەن، بەرسینە و ئێفۆد و کەوا و کراسی دامێن درێژی چنراو و مێزەر و کەمەربەند. ئینجا جلوبەرگی پیرۆز بۆ هارونی برات و کوڕەکانی دروستبکەن، هەتا کاهینیێتیم بۆ بکەن. ئەوانیش زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک وەردەگرن.

ئێفۆدەکە

«ئێفۆدەکەش لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بە جۆڵایەکی شارەزا دروستبکەن. دوو شانیشی هەبێت بە هەردوو لایەوە پێوەی بەسترابن. پشتبەستی ئێفۆدەکە کە لەسەریەتی، دەبێت لە هەمان پارچە و هەمان دەستکرد بێت، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بێت.

«دوو بەردی عاشقبەندیش بهێنە و ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلیان لەسەر هەڵبکەنە. 10 ناوی شەشیان لەسەر بەردێک و ناوی شەشەکەی ماوەتەوە لەسەر بەردی دووەم هەڵبکەنە بەگوێرەی لەدایکبوونیان. 11 ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل لەسەر هەردوو بەردەکە هەڵبکەنە، وەک چۆن نەقاڕێک مۆر هەڵدەکەنێت. ئینجا بە چوارچێوەی زێڕینی دەوردراو بیانچەسپێنە. 12 دوو بەردەکەش بخەرە سەر دوو شانی ئێفۆدەکە، دوو بەردی یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل. هارون لەبەردەم یەزدان وەک یادەوەری ناوەکانیان لەسەر هەردوو شانی هەڵدەگرێت. 13 چوارچێوەی زێڕینیش دروستبکە و 14 دوو زنجیری هۆنراوە لە زێڕی بێگەرد، وەک گوریس، لەسەر چوارچێوەکان دابنێ.

بەرسینەکە

15 «هەروەها بەرسینەی دادوەری دروستبکە، وەک ئێفۆدەکە بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزا، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو. 16 بەرسینەکەش چوارگۆشە و دووبەر بێت، درێژییەکەی بستێک[aq] و پانییەکەی بستێک. 17 بە چوار ڕیز بەرد بیڕازێنەوە، لە ڕیزی یەکەم یاقووت[ar] لەگەڵ یاقووتی زەرد و زمروودی سەوز؛ 18 ڕیزی دووەم بەردە پیرۆزە[as] و یاقووتی شین و زمروود؛ 19 ڕیزی سێیەم یاقووتی زەعفەرانی و کریستاڵی هەورین و جەمشت؛ 20 ڕیزی چوارەمیش زەبەرجەد و بەردی عاشقبەند و یەشب. لە ڕازانەوەیاندا بە زێڕ دەور بدرێن. 21 بەردەکانیش دوازدە بن وەک ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل بەپێی ناوەکانیان، وەک نەخشی ئەنگوستیلە هەریەکە بەپێی ناوەکەی بۆی دەبێت بۆ دوازدە هۆز.

22 «بۆ بەرسینەکەش زنجیرەی هۆنراوە لە زێڕی بێگەرد دروستبکە، وەک گوریس. 23 لەسەر بەرسینەکەش دوو ئەڵقەی زێڕین دروستبکە، دوو ئەڵقەکە لەسەر هەردوو لای بەرسینەکە دابنێ. 24 دوو زنجیرە زێڕینەکەش بخە ناو دوو ئەڵقەکەی سەر هەردوو لای بەرسینەکە. 25 هەردوو سەرەکەی دیکەی دوو زنجیرەکەش بخە ناو دوو چوارچێوەکە و لەسەر شانەکانی ئێفۆدەکەی دابنێ بۆ پێشەوەی. 26 دوو ئەڵقەی زێڕینیش دروستبکە و لەسەر هەردوو لای بەرسینەکە دایانبنێ، لەسەر لێوارەکەی کە بە دیوی ئێفۆدەکەیە بۆ ژوورەوە. 27 هەروەها دوو ئەڵقەی زێڕین دروستبکە و لەسەر هەردوو شانی ئێفۆدەکە دایانبنێ، لە خوارەوە بە دیوی ڕووەکەی، لە نزیک بەیەکبەستنەوەکەی لە سەرووی پشتبەستی ئێفۆدەکە. 28 بەرسینەکەش بە دوو ئەڵقەکەیەوە لە دوو ئەڵقەی ئێفۆدەکە بە داوێک دەبەسترێت لە ڕیسی مۆر، بۆ ئەوەی لەسەر پشتبەستی ئێفۆدەکە بێت، تاوەکو بەرسینەکەش لە ئێفۆدەکە ناکرێتەوە.

29 «ئیتر هارون ناوی نەوەکانی ئیسرائیل لە بەرسینەکەی دادوەری لەسەر دڵی خۆی هەڵدەگرێت کاتێک دێتە ژوورەوە بۆ شوێنە پیرۆزەکە وەک یادکردنەوە بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان. 30 هەروەها لەسەر بەرسینەکەی دادوەری ئوریم و تومیم[at] دابنێ و لەسەر دڵی هارون دەبن کاتێک دێتە ژوورەوە بۆ بەردەم یەزدان، هارونی دادوەری نەوەی ئیسرائیل بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان لەسەر دڵی هەڵیدەگرێت.

جلوبەرگی دیکەی کاهینیێتی

31 «کەوای ئێفۆدەکەش هەمووی لە ڕیسی مۆر دروستبکە. 32 کونی سەریشی لەناوەڕاستی دەبێت و لێواریش دەبێت بۆ کونەکەی بەدەوریدا بە دەستکردی جۆڵا، وەک کونی سپەر یەخەی هەبێت بۆ ئەوەی نەدڕێت. 33 لەسەر دامێنی کەواکە گوڵینگی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ دروستبکە، لەگەڵ زەنگوڵەی زێڕین لەنێوانیان. 34 لەنێو هەردوو گوڵینگێک زەنگوڵەیەکی زێڕ لەسەر دامێنی کەواکە بە دەوریدا بێت. 35 دەبێت هارون بۆ خزمەتکردن لەبەری بکات بۆ ئەوەی کاتێک دەچێتە ژوورەوەی شوێنە پیرۆزەکە بۆ لای یەزدان و کاتێک دێتە دەرەوە دەنگی زەنگوڵەکان ببیسترێت، نەوەک بمرێت.

36 «پلێتێکیش لە زێڕی بێگەرد دروستبکە و وەک نەخشی ئەنگوستیلە لەسەری هەڵبکەنە ”پیرۆزی بۆ یەزدان“[au]. 37 بیخە سەر داوێکی مۆر بۆ ئەوەی لەسەر مێزەرەکە بێت، لەلای پێشەوەی مێزەرەکە بێت. 38 لەسەر ناوچەوانی هارون بێت، بەم شێوەیە هارون ئۆباڵی هەر گوناهێکی نەوەی ئیسرائیل هەڵدەگرێت کە پەیوەندی هەبێت بەو قوربانییانەی بۆ یەزدانیان تەرخان کردووە، بەردەوامیش لەسەر ناوچەوانی دەبێت بۆ ئەوەی قوربانییەکان لەبەردەم یەزدان پەسەند بن.

39 «کراسە دامێن درێژە چنراوەکەش لە کەتانی ناسک بێت و مێزەرەکەش لە کەتانی ناسک دروستبکە. کەمەربەندەکەش بە دەستکردی جۆڵایەک بچنە. 40 بۆ کوڕانی هارونیش کراسی دامێن درێژ دروستبکە، هەروەها کەمەربەند و سەرپێچیان بۆ دروستبکە، بۆ شکۆمەندی و ڕێزگرتن. 41 دوای ئەوەی ئەو جلوبەرگانەت لەبەر هارونی برات و کوڕەکانی کرد، دەستنیشانیان بکە و ئەرکیان پێ بسپێرە و تەرخانیان بکە بۆ ئەوەی خزمەتی کاهینیێتیم بۆ بکەن.

42 «هەروەها دەرپێی کەتانیان بۆ دروستبکە بۆ پۆشینی ڕووتییان، لە ناوقەدەوە هەتا هەردوو ڕان بێت. 43 هارون و کوڕەکانی لەبەری بکەن لە هاتنە ژوورەوەیان بۆ چادری چاوپێکەوتن، یان لە نزیکبوونەوەیان لە قوربانگا بۆ خزمەتکردن لە شوێنی پیرۆز، نەوەک تاوان هەڵبگرن و بمرن، فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ ئەو و بۆ نەوەکەی دوای خۆی.

تەرخانکردن بۆ کاهینیێتی

29 «بۆ تەرخانکردنیان هەتا کاهینیێتیم بۆ بکەن ئەمەیان بۆ بکە: یەک جوانەگا و دوو بەرانی ساغ ببە. هەروەها لە ئاردی گەنمی باش نانی بێ هەویرترش و کولێرەی بە زەیت شێلراو و ناسکە نانی بە زەیت چەورکراو دروستبکە. بیانخە ناو سەبەتەیەک و بە سەبەتەکەوە لەگەڵ جوانەگاکە و دوو بەرانەکە پێشکەشیان بکە. هارون و کوڕەکانیشی بهێنە پێش دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و بە ئاو بیانشۆ. ئینجا جلەکان ببە و لەبەر هارونی بکە، کراسە دامێن درێژەکە، کەوای ئێفۆدەکە، ئێفۆد و بەرسینەکە، ئینجا بە پشتبەستی ئێفۆدەکە بۆی ببەستەوە. پاشان مێزەرەکە بخە سەری و تاجەگوڵینەی پیرۆزیش بخە سەر مێزەرەکە. زەیتی دەستنیشانکردن بهێنە و بەسەریدا بکە، بەوە دەستنیشانی بکە. کوڕەکانیشی بهێنە پێشەوە و کراسی دامێن درێژیان لەبەر بکە و کەمەربەندیان لە ناوقەد ببەستە. سەرپێچەکان بۆ هارون و کوڕەکانی توند بکە. کاهینیێتی دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆیان و ئەرک بە هارون و کوڕەکانی دەسپێریت.

10 «جوانەگاکە بهێنە پێش چادری چاوپێکەوتن و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری جوانەگاکە دابنێن. 11 تۆش لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن جوانەگاکە لەبەردەم یەزدان سەرببڕە. 12 لە خوێنی جوانەگاکە هەڵبگرە و بە پەنجەت لەسەر قۆچەکانی قوربانگاکەی بدە، هەموو خوێنەکەی دیکەش بڕژێنە بنکەی قوربانگاکە. 13 هەموو ئەو پیوەش کە هەناوی داپۆشیوە لەگەڵ ئەوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە و هەردوو گورچیلەکە بهێنە و لەسەر قوربانگاکە بیانسووتێنە، 14 بەڵام کەلەشی جوانەگاکە و پێستەکەی و ڕیخەکەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بە ئاگر بسووتێنە، ئەوە قوربانی گوناهە[av].

15 «یەکێکیش لە بەرانەکان بهێنە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دابنێن. 16 بەرانەکە سەرببڕە و خوێنەکەی هەڵبگرە و بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا بیپرژێنە. 17 بەرانەکەش پارچەپارچە بکە و هەناو و قاچەکانی بشۆ و بیخە سەر پارچەکانی و سەرەکەی. 18 هەموو بەرانەکە لەسەر قوربانگاکە بسووتێنە، ئەمە قوربانی سووتاندنە بۆ یەزدان، بۆنی خۆشییە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.

19 «بەرانەکەی دیکە بهێنە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دابنێن. 20 بەرانەکە سەرببڕە و لە خوێنەکەی ببە و لە شلکەی گوێی[aw] ڕاستی هارون و کوڕەکانی بدە، هەروەها لە پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستیان بدە، پاشان خوێن بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا بپرژێنە. 21 ئینجا لە خوێنی سەر قوربانگاکە و لە زەیتی دەستنیشانکردنەکە هەڵبگرە و بیپرژێنە بەسەر هارون و جلەکانی و بەسەر کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی. ئینجا خۆی و جلەکانی و کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی پیرۆز دەبن.

22 «لە بەرانەکە ئەمانە ببە، پیو و دوگ[ax] و پیوەکەی هەناوی و سەر جگەر و گورچیلەکان و هەردوو گورچیلە و ڕانی ڕاستی، چونکە ئەمە بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەیە. 23 هەروەها لە سەبەتەی فەتیرەکە، ئەوەی لەبەردەم یەزدانە، نانێک و کولێرەیەک لەوەی بە زەیتە و ناسکە نانێک[ay] ببە. 24 هەمووی بخە سەر دەستی هارون و کوڕەکانی و لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە[az] بەرزی بکەنەوە. 25 دواتر لە دەستیان وەریبگرەوە و لەگەڵ قوربانی سووتاندنەکە لەسەر قوربانگاکە بیسووتێنە، بۆنی خۆشییە لەبەردەم یەزدان، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان. 26 لەدوای ئەوەی سنگی بەرانەکەی دیکە بۆ ئەرک پێ سپاردنی کاهینیێتی هارون ببە، وەک قوربانی بەرزکردنەوە لەبەردەم یەزدان بەرزی بکەوە، ئەمەش دەبێتە بەش بۆ تۆ.

27 «بەشەکانی بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکە کە هی هارون و کوڕەکانییەتی، سنگە بەرزکراوەکە و ڕانە پێشکەشکراوەکە، تەرخان بکە. 28 ئەمەش دەبێتە بەشێکی چەسپاو بۆ هارون و کوڕەکانی لەلایەن نەوەی ئیسرائیلەوە، چونکە پێویستە نەوەی ئیسرائیل ئەم بەشە پیتاکە لە قوربانی هاوبەشییانەوە بدەنە یەزدان.

29 «جلوبەرگە پیرۆزەکانی هارونیش لەدوای مردنی خۆی بۆ نەوەکانی دەبێت، تاکو بەو جلانەوە دەستنیشان بکرێن و ئەرکیان پێ بسپێردرێت. 30 کوڕەکەی، ئەوەی وەک کاهین جێی دەگرێتەوە حەوت ڕۆژ لەبەری دەکات، کاتێک دێتە ناو چادری چاوپێکەوتن بۆ ئەوەی لە شوێنی پیرۆز خزمەت بکات.

31 «بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەش ببە و گۆشتەکەی لە شوێنێکی پیرۆز لێبنێ. 32 هارون و کوڕەکانی گۆشتی بەرانەکە و نانی ناو سەبەتەکە لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتن بخۆن. 33 ئەوانە ئەم قوربانییانە دەخۆن کە بۆ کەفارەتیان کراون بۆ ئەرک پێ سپاردنیان و بۆ تەرخانکردنیان، بەڵام هیچ کەسێکی دیکە لێیان ناخوات، چونکە پیرۆزن. 34 ئەگەر لە گۆشتی بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەش یان لە نانەکە هەتا بەیانی مایەوە، ئەوا ئەوەی ماوەتەوە بە ئاگر بیسووتێنە و ناخورێت، چونکە پیرۆزە.

35 «ئاوا بۆ هارون و کوڕەکانی بکە، وەکو هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت، حەوت ڕۆژ ئەرکیان پێ بسپێرە. 36 هەموو ڕۆژێک جوانەگایەک پێشکەش بکە وەک قوربانی گوناه بۆ کەفارەت، هەروەها قوربانگاکەش پاک بکەرەوە بەوەی کەفارەتی بۆ دەکەیت، هەروەها بە زەیت تەرخانی بکە. 37 حەوت ڕۆژ لەسەر قوربانگاکە کەفارەتی بۆ بکە و تەرخانی بکە، جا قوربانگاکە دەبێتە هەرەپیرۆز، هەموو ئەوەی بەر قوربانگاکە بکەوێت پیرۆز دەبێت.

38 «ئەمەش ئەوەیە کە لەسەر قوربانگاکە پێشکەشی دەکەیت، هەموو ڕۆژێک بە بەردەوامی دوو بەرخی نێری یەک ساڵە. 39 یەکێک لە بەرخەکان لە بەیانی پێشکەش بکە و بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابوون. 40 لەگەڵ دەیەکی ئێفەیەک[ba] لە باشترین ئارد بە چارەکە هەینێک[bb] زەیتی زەیتوونی گوشراو شێلرابێت و لە شەرابی پێشکەشکراویش چارەکە هەینێک شەراب، ئەمە بۆ بەرخی یەکەم. 41 هەروەها بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابوون پێشکەشی بکە، لەگەڵ پێشکەشەکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی، وەک ئەوەی لە بەیانی کردووتە، بۆنی خۆشییە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.

42 «قوربانی سووتاندنی بەردەوامە بۆ نەوەکانتان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم یەزدان، کە لەوێ لەگەڵتان ژووان دەبەستم بۆ ئەوەی لەوێ لەگەڵت بدوێم. 43 لەوێ ژووان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل دەبەستم، جا بە شکۆمەندیم پیرۆز دەبێت.

44 «هەروەها چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە تەرخان دەکەم، هارون و کوڕەکانیشی تەرخان دەکەم بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن. 45 لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا نیشتەجێ دەبم و بۆیان دەبمە خودا. 46 جا دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاری خۆیانم، کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان هەتا لەنێویان نیشتەجێ بم. من یەزدانی پەروەردگاری خۆیانم.

قوربانگای بخوور سووتاندن

30 «قوربانگای بخوور سووتاندنیش لە داری ئەکاسیا دروستبکە. درێژییەکەی باڵێک[bc] و پانییەکەی باڵێک، چوار گۆشە بێت، بەرزاییەکەشی دوو باڵ[bd]، قۆچەکانیش لە خۆی بێت. بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی بکە، سەرەوەی و دیوارەکانی بە چواردەوریدا لەگەڵ قۆچەکانی، هەروەها چوارچێوەیەکی زێڕینیشی بە چواردەوردا بۆ دروستبکە. دوو ئەڵقەی زێڕینیشی بۆ دروستبکە، لەژێر چوارچێوەکەیەوە، لەسەر هەردوو لایەکەی دروستی بکە، بۆ ئەوەی ببنە گیرە بۆ دوو دار بۆ ئەوەی پێیان هەڵبگیرێت. دوو دارەکەش لە داری ئەکاسیا دروستبکە و بە زێڕ ڕووکەشیان بکە. قوربانگاکە لەپێش ئەو پەردەیە دادەنێیت کە لەبەردەم سندوقی پەیمانە، لەبەردەم قەپاغی کەفارەت کە لەسەر ئەو دوو تەختەی پەیمان، ئەوەی لەوێ چاوپێکەوتنت لەگەڵ دەکەم.

«هارون هەموو بەیانییەک بخووری بۆنخۆشی لەسەر بسووتێنێت، کاتێک چراکان ئامادە دەکات بیسووتێنێت. هەروەها کاتێک هارون ئێواران چراکان سەردەخات بیسووتێنێت، بخوورێکی بەردەوامە لەبەردەم یەزدان بۆ نەوەکانتان. هیچ بخووری دیکەی مەخەنە سەر، هەروەها قوربانی سووتاندن و دانەوێڵەی پێشکەشکراو، هیچ شەرابێکی پێشکەشکراویشی بەسەردا مەڕێژن. 10 هارونیش ساڵی جارێک کەفارەت لەسەر قۆچەکانی بکات، لە خوێنی قوربانی گوناه کە بۆ کەفارەتە، ساڵی جارێک کەفارەتی لەسەر دەکرێت بۆ نەوەکانتان، هەرەپیرۆزە بۆ یەزدان.»

زیوی کەفارەت

11 یەزدان بە موسای فەرموو: 12 «کاتێک سەرژمێری نەوەی ئیسرائیل دەکەیت، لە کاتی تۆمارکردنیان هەریەکە و نرخی ژیانی خۆی دەداتە یەزدان، ئیتر کارەساتیان تێناکەوێت کاتێک دەیانژمێریت. 13 هەر یەکێک دەژمێردرێت ئەمە بدات، ئەم نیو شاقلە[be] بە شاقلی پیرۆزگا، هەر شاقلێکیش بیست گێرایە[bf]. بە پێشکەشکراو بۆ یەزدان دادەنرێت. 14 هەموو ئەوانەی دەژمێردرێن لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، پێشکەشکراو دەدەنە یەزدان. 15 دەوڵەمەند زیاتر نادات و هەژاریش لە نیو شاقل کەمتر نادات، کاتێک پێشکەشکراوەکەی یەزدان بۆ کەفارەتی خۆتان دەدەن. 16 زیوی کەفارەتەکەش لە نەوەی ئیسرائیل وەردەگریت و بۆ خزمەتی چادری چاوپێکەوتن دایدەنێیت. بۆ نەوەی ئیسرائیل دەبێتە یادەوەری لەبەردەم یەزدان بۆ کەفارەتی گیانتان.»

حەوزێک بۆ شوشتن

17 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 18 «حەوزێک لە بڕۆنز دروستبکە و ژێرەکەشی لە بڕۆنز بێت بۆ شوشتن، لەنێوان چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکەی دابنێ و ئاوی تێبکە. 19 هارون و کوڕەکانی دەست و پێیانی لێ بشۆن، 20 لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ چادری چاوپێکەوتن بە ئاو بیشۆن نەوەک بمرن. هەروەها کاتێک لە قوربانگاکە نزیک دەبنەوە بۆ خزمەت بۆ سووتاندنی قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، 21 دەست و پێیان بشۆن نەوەک بمرن. ئەمەش دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆ هارون و بۆ وەچەکەی لە نەوەکانیان.»

زەیتی دەستنیشانکردن

22 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 23 «تۆش بۆ خۆت باشترین بۆن ببە، پێنج سەد شاقل[bg] ئاوی موڕ[bh] و نیوەی ئەوە دوو سەد و پەنجا شاقل دارچینی بۆنخۆش و دوو سەد و پەنجا شاقل قامیشی بۆنخۆش، 24 کاسیاش[bi] پێنج سەد شاقل، هەمووی بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا بێت، هەروەها لە زەیتی زەیتوونیش هەینێک[bj]. 25 بەمانە زەیتی پیرۆز بۆ دەستنیشانکردن دروستبکە، تێکەڵ وەک دەستکردی عەتار، دەبێتە زەیتی پیرۆز بۆ دەستنیشانکردن. 26 ئینجا چادری چاوپێکەوتن و سندوقی پەیمان، 27 لەگەڵ مێزەکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و چرادانەکە و قاپوقاچاغەکانی و قوربانگاکەی بخوور و 28 قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی و حەوزەکە و ژێرەکەی پێ چەور دەکەیت. 29 تەرخانیان بکە و دەبنە هەرەپیرۆز، هەر شتێک پێیان بکەوێت پیرۆز دەبێت.

30 «هارون و کوڕەکانیشی دەستنیشان بکە و تەرخانیان بکە بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن. 31 لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش قسە بکە و بڵێ: ”ئەمە بۆ من دەبێتە زەیتێکی پیرۆز بۆ دەستنیشانکردنی کەسانێک لە نەوەکانتان. 32 نابێت بەسەر لەشی کەسدا بکرێت و نابێت بە پێوانەکانی وەک ئەو دروستبکرێت، ئەوەی پیرۆزە، دەبێت لەلاتان پیرۆز بێت. 33 هەرکەسێک وەک ئەوە عەتاری بکات و ئەو زەیتە لە کەسانی دیکە بدات، لەنێو گەلەکەیدا دەبڕدرێتەوە.“»

بخوور

34 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «بۆنوبەرام بۆ خۆت ببە، مەستەکی و بۆنی گوێچکە ماسی و موڕی بۆنخۆش و بخووری سادە، بەشی یەکسان بن، 35 بیانکە بە بخووری بۆنخۆش، دەستکردی عەتار، سوێرکراوی بێگەرد و پیرۆز. 36 هەندێکی لێ ورد بکە وەک تۆز و لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ لەناو چادری چاوپێکەوتن، ئەوەی لەوێ چاوپێکەوتنت لەگەڵ دەکەم، دەبێتە هەرەپیرۆز بۆتان. 37 ئەو بخوورەی بە پێوانەی ئەو دروستی دەکەن نابێت بۆ خۆتانی دروستبکەن، لەلاتان پیرۆز دەبێت بۆ یەزدان، 38 هەرکەسێک وەک ئەوە دروستبکات هەتا بۆنی بکات، لەنێو گەلەکەیدا دەبڕدرێتەوە.»

بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب

31 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕوانە، ئەوا من بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حوورم لە هۆزی یەهودا هەڵبژاردووە، لە ڕۆحی خوداشەوە پڕم کردووە لە دانایی و تێگەیشتن و زانیاری لە هەموو جۆرە پیشەگەرییەک. بۆ داهێنانی داهێنانەکان، بۆ کارکردن لە زێڕ و زیو و بڕۆنز، بۆ تاشین و ڕازاندنەوەی بەرد، بۆ دارتاشی و بۆ کارکردن لە هەموو پیشەیەک. من ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماک کە لە هۆزی دانە، لەگەڵ ئەوم داناوە. توانام داوە بە هەموو پیاوێکی پیشەوەر تاکو هەموو ئەو کارانە بکەن کە فەرمانم پێکردیت: چادری چاوپێکەوتن، سندوقی پەیمان، قەپاغەکەی کەفارەت کە لەسەریەتی، هەموو کەلوپەلەکانی چادرەکە کە پێکهاتووە لە مێزەکە، قاپوقاچاغەکانی، چرادانەکە کە لە زێڕی بێگەردە و هەموو قاپوقاچاغەکانی، قوربانگاکەی بخوور، قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی، حەوزەکە و ژێرەکەی، 10 هەروەها جلوبەرگە چنراوەکان، جلوبەرگە پیرۆزەکان بۆ هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ ئەنجامدانی کاهینیێتی، 11 زەیتەکەی دەستنیشانکردن، بخووری بۆنخۆش بۆ شوێنی پیرۆز. هەروەک هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت، دەیکەن.»

ڕۆژی حەسانەوە (شەبات)

12 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 13 «تۆ لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”دەبێت شەممەکانی[bk] من بپارێزن، چونکە نیشانەیە لەنێوان من و ئێوە بۆ نەوەکانتان هەتا بزانن کە من یەزدانم ئەوەی پیرۆزتان دەکەم.

14 «”شەممە بپارێزن، چونکە پیرۆزە بۆتان، ئەوەی گڵاوی بکات دەبێت بکوژرێت، چونکە هەرکەسێک لەو پشووەدا کارێک بکات ئەوا لەنێو گەلەکەیدا دەبڕدرێتەوە. 15 شەش ڕۆژ کار دەکرێت، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم پشوودانی شەممەیە، پیرۆزە بۆ یەزدان، هەرکەسێک لە ڕۆژی شەممە کار بکات دەبێت بکوژرێت. 16 نەوەی ئیسرائیل شەممە بپارێزن، بۆ ئەوەی نەوەکانیان وەک پەیمانێکی هەتاهەتایی پەیوەست بن بە شەممەوە. 17 لەنێوان من و نەوەی ئیسرائیل نیشانەیەکە بۆ هەتاهەتایە، چونکە لە شەش ڕۆژدا یەزدان ئاسمان و زەویی دروستکرد و لە ڕۆژی حەوتەم لە کارکردن وەستا و پشووی دا.“»

18 کاتێک کە لە شاخی سینا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵ موسا، دوو تەختەکەی پەیمانی دایە موسا، تەختەی بەرد بوون و بە پەنجەی خودا نووسرا بوون.

گوێرەکەی زێڕین

32 کاتێک گەل بینی موسا دواکەوت لە هاتنە خوارەوە لە کێوەکە، لەسەر هارون کۆبوونەوە و پێیان گوت: «وەرە! چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە لەپێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.»

هارونیش وەڵامی دانەوە: «ئەو گوارە زێڕانەی لە گوێی ژن و کوڕ و کچەکانتانە لێی بکەنەوە و بۆ منی بهێنن.» جا هەموو گەل ئەو گوارانەی لە گوێیان بوون لێیان کردنەوە و بۆ هارونیان هێنا. ئەویش لە دەستیانی وەرگرت و بە قاڵب شێوەی گوێرەکەیەکی داڕشت و بە قەڵەم و چەکوش ڕێکیخست، ئینجا گوتیان: «ئەی ئیسرائیل، ئەمە خوداوەندەکەمانە، ئەوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا.»

کاتێک هارون ئەمەی بینی، قوربانگایەکی لەپێش گوێرەکەکە دروستکرد، بانگەوازی دا و گوتی: «بەیانی جەژنە بۆ یەزدان.» ئینجا بەیانی زوو هەستان و قوربانی سووتاندنیان سەرخست و قوربانی هاوبەشییان پێشکەش کرد، ئینجا گەل بۆ خواردن و خواردنەوە دانیشتن، پاشان بۆ ڕابواردن هەستانەوە.

جا یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ خوارەوە، چونکە گەلەکەت گەندەڵ بوو، ئەوەی لە خاکی میسرەوە هێناتە دەرەوە. زوو لایاندا لەو ڕێگایەی کە فەرمانم پێکردن، گوێرەکەیەکی لەقاڵبدراویان بۆ خۆیان دروستکردووە و کڕنۆشی بۆ دەبەن و قوربانی بۆ سەر دەبڕن، دەڵێن: ”ئەی ئیسرائیل، ئەمە خوداوەندەکەمانە، ئەوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا.“»

هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «تەماشای ئەم گەلەم کرد، ئەوان گەلێکی کەللەڕەقن. 10 ئێستاش لێمگەڕێ با تووڕەییم بەسەریاندا بێتە جۆش و کۆتاییان پێ بهێنم، تۆش دەکەمە گەلێکی مەزن.»

11 بەڵام موساش لە یەزدانی پەروەردگاری خۆی پاڕایەوە، گوتی: «یەزدان، بۆچی تووڕەییت بەسەر گەلەکەتدا دێتە جۆش، کە لە خاکی میسرەوە بە توانایەکی مەزن و دەستێکی بەهێزەوە دەرتهێنا؟ 12 بۆچی میسرییەکان بڵێن: ”بە نیازخراپی دەریهێنان هەتا لە کێوەکان بیانکوژێت و لەسەر ڕووی زەوی نەیانهێڵێت؟“ جۆشی تووڕەییت دابمرکێنەوە و ئەو سزایە ڕەت بکەرەوە کە فەرمووت بەسەر گەلەکەتدا دەیسەپێنیت. 13 ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیلی خزمەتکارانت بەبیر بێتەوە کە بە گیانی خۆت سوێندت بۆیان خوارد و پێت فەرموون، ”نەوەکانتان زۆر دەکەم وەک ئەستێرەکانی ئاسمان و هەموو ئەم خاکەش کە باسم کرد، دەیدەمە نەوەکانتان و دەبێتە موڵکیان بۆ هەتاهەتایە.“» 14 ئینجا یەزدان پاشگەز بووەوە لەو کارەساتەی فەرمووی، کە ویستی بە گەلەکەی بکات.

15 موسا ڕووی وەرگێڕا و لە کێوەکە هاتە خوارەوە، دوو تەختەکەی پەیمانیشی لە دەست بوو، ئەو تەختانەی لە هەردوو ڕووەکەی نووسرابوون، لەم لاو لەو لاوە نووسرابوون. 16 تەختەکان دەستکردی خودان و نووسینەکەش نووسینی خودایە لەسەر تەختەکان نەخشێنراوە.

17 کاتێک یەشوع گوێی لە دەنگی گەل بوو کە هاواریان دەکرد، بە موسای گوت: «دەنگی جەنگە لە ئۆردوگاکە!»

18 ئەویش گوتی:

«نە دەنگی هاواری سەرکەوتنە،
    نە دەنگی هاواری دۆڕاندنە،
    بەڵکو دەنگی گۆرانییە، ئەوەی گوێم لێیە.»

19 ئەوە بوو کاتێک لە ئۆردوگاکە نزیک کەوتەوە، چاوی بە گوێرەکە و سەما کەوت، تووڕەیی موسا جۆشا و هەردوو تەختەکەی لە دەستیەوە فڕێدا و لە خوار کێوەکە شکاندنی. 20 هەروەها ئەو گوێرەکەیەی دروستیان کردبوو بردی و سووتاندی، هاڕی هەتا بووە تۆز، بەسەر ئاوەکەدا بەبای کرد و ئاوەکەی بە نەوەی ئیسرائیل خواردەوە.

21 موسا بە هارونی گوت: «ئەم گەلە چییان لێکردوویت هەتا ئەو گوناهە گەورەیەیان بەسەربهێنیت؟»

22 هارونیش گوتی: «با تووڕەیی گەورەم نەجۆشێت، خۆت دەزانیت چۆن دڵی ئەم گەلە مەیلی خراپەکاری هەیە. 23 پێیان گوتم: ”چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە لەپێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا، نازانین چی لێهات.“ 24 منیش پێم گوتن: ”کێ زێڕی پێوەیە با لێی بکاتەوە و بمداتێ.“ ئینجا فڕێمدایە ناو ئاگر و ئەم گوێرەکەیەی لێ دەرچوو!»

25 موسا بینی گەل بەڕەڵا کراوە، چونکە هارون بەڕەڵای کردبوون هەتا ببنە گاڵتەجاڕ لەنێو بەرهەڵستکارانیان. 26 ئینجا موسا لە دەروازەی ئۆردوگاکە وەستا و گوتی: «کێ بۆ یەزدانە با بێتە لام.» ئیتر هەموو نەوەی لێڤی لێی کۆبوونەوە.

27 ئەویش پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”با هەریەکە شمشێرەکەی لە لاڕانییەوە ببەستێت، دەروازە بە دەروازە بە ئۆردوگاکەدا تێبپەڕن و بگەڕێنەوە، با هەریەکە بکوژێت، جا برای بێت یان هاوڕێ یان دراوسێ.“» 28 نەوەی لێڤیش بەم جۆرەیان کرد، هەروەک موسا گوتی، ئەو ڕۆژە نزیکەی سێ هەزار پیاو لە گەل کەوتن. 29 موسا گوتی: «ئەمڕۆ ئێوە تەرخان کراون بۆ یەزدان، لەبەر ئەوەی ئێوە لە دژی کوڕ و براکانتان بوون، ئیتر ئەمڕۆ بەرەکەتداری کردن.»

30 ئەوە بوو بۆ بەیانی موسا بە گەلی گوت: «ئێوە گوناهێکی گەورەتان کردووە، بەڵام ئێستا سەردەکەوم بۆ لای یەزدان، بەڵکو کەفارەتی گوناهەکەتان بکەم.»

31 ئیتر موسا گەڕایەوە لای یەزدان و گوتی: «ئای کە ئەم گەلە گوناهێکی گەورەی کرد و خوداوەندی زێڕینیان بۆ خۆیان دروستکرد، 32 بەڵام ئێستا لە گوناهیان خۆشبە، ئەگەر نا، لە پەڕتووکەکەی خۆت بمسڕەوە کە نووسیوتە.»

33 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەوەی گوناهی سەبارەت بە من کردبێت لە پەڕتووکی خۆم دەیسڕمەوە. 34 ئێستاش بڕۆ پێشڕەوی گەل بکە بۆ ئەو شوێنەی پێم گوتیت، فریشتەکەم وا لەپێشت دەڕوات، بەڵام کاتێک ڕۆژی سزادان هات، لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدەم.»

35 ئیتر یەزدان گەلی تووشی دەرد کرد لەسەر ئەوەی لەگەڵ گوێرەکەکە کردیان کە هارون دروستی کردبوو. 33 یەزدان بە موسای فەرموو: «لێرە بڕۆ، خۆت و ئەو گەلەی لە خاکی میسرەوە هێناتە دەرەوە، بڕۆنە ئەو خاکەی سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرمووم: ”دەیدەمە نەوەکەت.“ فریشتەیەکیش لەپێشتەوە دەنێرم و کەنعانی و ئەموری و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان ڕادەماڵم. بۆ خاکێک کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، بەڵام من لەناوەندت سەرناکەوم، چونکە تۆ گەلێکی کەللەڕەقیت و نەوەک لە ڕێگا کۆتاییت پێ بهێنم.»

کاتێک گەل گوێیان لەم هەواڵە ناخۆشانە بوو، شینیان گێڕا و کەس خۆی نەڕازاندەوە. یەزدانیش بە موسای فەرمووبوو: «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”ئێوە گەلێکی کەللەڕەقن، ئەگەر تەنها بۆ ساتێک سەرکەومە ناوتان، کۆتاییتان پێ دەهێنم. ئێستاش جوانکارییەکەت دابکەنە و بزانە چیت پێ دەکەم.“» ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە کێوی حۆرێڤ بابەتەکانی جوانکارییان لە خۆیان کردەوە.

چادری چاوپێکەوتنی موسا

موساش چادرێکی دەهێنا و لە دەرەوەی ئۆردوگاکە، دوور لە ئۆردوگاکە هەڵیدەدا و ناوی لێنابوو «چادری چاوپێکەوتن»[bl]. هەرکەسێک داوای ڕاوێژی لە یەزدان دەکرد، دەچوو بۆ ئەم چادرەی چاوپێکەوتن، ئەوەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بوو. هەروەها هەر کاتێک موسا بۆ چادرەکە دەڕۆیشت، هەموو گەل هەڵدەستان و هەریەکە لە دەروازەی چادرەکەی خۆی ڕادەوەستا، دەیڕوانییە دوای موسا هەتا دەچووە ناو چادرەکەوە. کاتێک موسا دەچووە ناو چادرەکە ستوونێکی هەور دادەبەزی و لەبەر دەروازەی چادرەکە ڕادەوەستا، ئینجا یەزدان لەگەڵ موسا دەدوا. 10 گەلیش هەموویان ستوونی هەورەکەیان دەبینی لەبەر دەروازەی چادرەکە ڕاوەستاوە، هەموو گەل هەڵدەستان و کڕنۆشیان دەبرد، هەریەکە و لەبەر دەروازەی چادرەکەی خۆی. 11 یەزدانیش ڕووبەڕوو لەگەڵ موسا دەدوا، هەروەک یەکێک لەگەڵ برادەرەکەی بدوێت. کاتێکیش موسا دەگەڕایەوە ئۆردوگاکە، گەنجە خزمەتکارەکەی کە یەشوعی کوڕی نون بوو لەناو چادرەکە دەرنەدەچوو.

موسا و شکۆمەندی یەزدان

12 موسا بە یەزدانی گوت: «بڕوانە، تۆ بە منت فەرموو: ”ئەم گەلە سەربخە،“ بەڵام تۆ پێت نەناساندم کە کێ لەگەڵم دەنێریت، هەروەها تۆ فەرمووت: ”دەتناسم و ناویشت دەزانم و پەسەندیت لەبەرچاوم.“ 13 ئێستاش ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم، ڕێگای خۆتم فێر بکە، بۆ ئەوەی بتناسم، هەتا لەبەرچاوت پەسەند بم، هەروەها ببینە ئەم نەتەوەیەی کە گەلی خۆتە.»

14 یەزدان فەرمووی: «من لەگەڵتان دەبم و لەگەڵتان دەڕۆم و دەتانحەسێنمەوە.»

15 موساش پێی گوت: «ئەگەر تۆ لەگەڵمان نەبیت و لەگەڵمان نەڕۆیت، لێرەوە سەرمان مەخە. 16 بە چیش دەزانرێت کە من و گەلەکەت لەبەرچاوت پەسەندین، ئایا بە ڕۆیشتنت نییە لەگەڵمان؟ بەمە لە هەموو گەلانی سەر ڕووی زەوی جیا دەکرێینەوە.»

17 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەروەها ئەم شتەش دەکەم کە باست کرد، چونکە لەبەرچاوم پەسەند بوویت و بە ناوت تۆم ناسی.»

18 ئینجا موسا گوتی: «شکۆمەندی خۆتم پیشان بدە.»

19 ئەویش فەرمووی: «هەموو چاکیم لەپێشت تێدەپەڕێنم. من کە ناوم یەزدانە، لەبەردەمی تۆ ناوی خۆم ڕادەگەیەنم. میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی میهرەبان دەبم و بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێیدا دێتەوە.»[bm] 20 هەروەها فەرمووی: «ناتوانیت ڕووم ببینیت، چونکە کەس نییە بمبینێت و بژیێت.»

21 هەروەها یەزدان فەرمووی: «ئەوەتا شوێنێکم هەیە و لەسەر ئەو تاشەبەردە بوەستە. 22 کاتێک شکۆمەندیم تێدەپەڕێت، ئەوا دەتخەمە کەلێنێکی بەردەکە و هەتا تێدەپەڕم بە دەستم داتدەپۆشم، 23 دواتر دەستم هەڵدەگرم و تۆ لە دواوە دەمبینیت، بەڵام ڕووم نابینرێت.»

دوو تەختە بەردی نوێ

34 یەزدان بە موسای فەرموو: «دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم بۆ خۆت بتاشە، منیش لەسەر دوو تەختەکە ئەو وشانە دەنووسمەوە کە لەسەر دوو تەختەکەی یەکەم جار بوون و تۆ شکاندت. بۆ بەیانیش ئامادە بە و لە بەیانیدا سەربکەوە بۆ سەر شاخی سینا. لەوێ لەسەر لووتکەی کێوەکە بۆم ڕاوەستە. کەس لەگەڵت سەرنەکەوێت و لە هەموو کێوەکە کەس نەبینرێت، هەروەها مەڕوماڵاتیش لەلای کێوەکە نەلەوەڕێنرێت.»

ئینجا موسا دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم جاری تاشی و بەیانی زوو هەستا و بۆ شاخی سینا سەرکەوت، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، لەگەڵ دەستیشی دوو تەختە بەردەکەی هەڵگرت. یەزدان لە هەورەوە دابەزی و لەوێ لەلای ڕاوەستا و ناوی خۆی ڕاگەیاند کە یەزدانە. ئینجا یەزدان لەبەردەمی تێپەڕی و ڕایگەیاند: «یەزدان، یەزدان، خودایەکی بە بەزەیی و میهرەبانە، پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی زۆرە. خۆشەویستی نەگۆڕ دەپارێزێت بۆ هەزاران، لە تاوان و یاخیبوون و گوناه خۆشدەبێت، بەڵام تاوانباران ئەستۆپاک ناکات، بەڵکو لەسەر تاوانی باوکان سزای نەوەکان دەدات هەتا نەوەی سێیەم و چوارەم.»

موسا خێرا سەری دانەواند و کڕنۆشی برد، گوتی: «ئەی پەروەردگار، ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم، با پەروەردگار لەگەڵمان بڕوات، چونکە گەلێکی کەللەڕەقە، تۆش لە تاوان و گوناهمان خۆشبە و بمانکە بە موڵکی خۆت.»

10 ئەویش فەرمووی: «گوێ بگرە، پەیمانێکت لەگەڵ دەبەستم. لە بەرامبەر هەموو گەلەکەت کاری سەرسوڕهێنەری وا دەکەم کە لە هەموو زەویدا و لەناو هەموو نەتەوەکاندا نەکرابێت، هەموو ئەو گەلەش کە تۆ لەنێویاندایت کرداری یەزدان دەبینن، چونکە ئەوەی من لەگەڵ تۆ دەیکەم سامناکە. 11 ئەوەی ئەمڕۆ فەرمانت پێدەدەم بەجێی بهێنە. من ئەموری و کەنعانی و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان لەپێشت دەردەکەم. 12 ئاگاداربن هیچ پەیمانێک لەگەڵ دانیشتووانی ئەو خاکە مەبەستن کە دێنە سەری، نەوەک ببنە تەڵە لەناوەندتان. 13 بەڵکو دەبێت ئێوە قوربانگاکانیان بڕووخێنن و بەردە تەرخانکراوەکانیان بشکێنن و ستوونە ئەشێراکانیان[bn] ببڕنەوە. 14 کڕنۆش بۆ خودایەکی دیکە نەبەن، چونکە یەزدان ناوی ئیرەدارە، خودایەکی ئیرەدارە[bo].

15 «نەوەک پەیمان لەگەڵ دانیشتووانی خاکەکە ببەستن، چونکە هەروەک لەشفرۆش[bp] لەگەڵ چەندین کەس ڕادەبوێرێت، خەڵکی خاکەکەش لە جیاتی پەرستنی من، بت دەپەرستن، قوربانی بۆ خوداوەندەکانیان سەردەبڕن، داوەتتان دەکەن و ئێوەش لە قوربانییەکەیان دەخۆن. 16 کاتێک کچیان بۆ کوڕتان دەخوازن و ئەو کچانەی وەک لەشفرۆش بەدوای خوداوەندەکانی خۆیان دەکەون، وا دەکەن کوڕی ئێوەش وەک لەشفرۆش[bq] بەدوای خوداوەندەکانی ئەوان بکەون.

17 «خوداوەندی لەقاڵبدراو دروستمەکەن.

18 «وەک فەرمانم پێکردوون، جەژنی فەتیرە بگێڕن، لە مانگی ئاڤیڤ حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە بخۆن، چونکە ئێوە لە مانگی ئاڤیڤ لە میسر هاتنە دەرەوە.

19 «هەموو نۆبەرەی سکێک بۆ منە، هەروەها هەر نۆبەرەیەکی نێر لە ئاژەڵە ماڵییەکەشت لە گا و بەران، 20 نۆبەرەی گوێدرێژ بە بەرخێک بکڕنەوە، بەڵام ئەگەر نەیکڕنەوە، دەبێت ملی بشکێنن[br]، هەموو نۆبەرەیەک لە کوڕەکانتان بکڕنەوە.

«بە بەتاڵی لەبەردەمم ئامادە نابن.

21 «شەش ڕۆژ کار بکەن، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم شەممەیە، لە کاتی وەرزی کێڵان و لە کاتی دروێنەش پشوو بدەن.

22 «جەژنی هەفتەکان[bs] بۆ خۆتان بگێڕن، یەکەم بەرهەمی دروێنەی گەنم و جەژنی کۆکردنەوە لە کۆتایی ساڵ[bt].

Footnotes

  1. 23‏:18 پیوی قوربانی یان بەزی قوربانی.‏
  2. 23‏:24 بەردی بە ستوونی دانراو بۆ پەرستن. بڕوانە دواوتار 16‏:21‏-22.‏
  3. 23‏:28 دەکرێت هێمایەک بێت بۆ ئەو ترس و لەرزەی خودا دەیخاتە دڵیانەوە. بڕوانە یەشوع 24‏:12‏‏.‏
  4. 23‏:31 دەریای سپی ناوەڕاست: عیبری (دەریای فەلەستییەکان).‏
  5. 24‏:5 لەو کاتەوەی کە گوێرەکەی نێر لە شیر دەبڕدرێتەوە پێی دەگوترێت (نۆبەن) یان (جوانەگا).‏
  6. 24‏:8 ئەم خوێنە نیشانەی پەیمانبەستنی یەزدان بووە لەگەڵ گەلی ئیسرائیل.‏
  7. 24‏:10 یاقووتی شین: دەشێت لاجیوەرد بێت.‏
  8. 25‏:1 چادری پەرستن: پەرستگایەکی گواستراوە بووە کە گەلی ئیسرائیل لەگەڵ خۆیان دەیانگواستەوە؛ بڕوانە 36‏:8‏-38.‏
  9. 25‏:5 مانگای دەریا: جۆرە گیاندارێکە کە تەنها لە قەراغی دەریادا دەژیێت بە تایبەتی لە دەریای سوور هەتا ئەندۆنیزیا. ئەم گیاندارەیان بەکارهێناوە چونکە پێستێکی ڕەقی هەیە.‏
  10. 25‏:5 داری شەتیم.‏
  11. 25‏:7 بەرسینەیەکی تایبەت بووە بە سەرۆکی کاهینان، بڕوانە 28‏:6‏-30؛ 39‏:2‏-21.‏
  12. 25‏:10 دوو باڵ و نیو: نزیکەی 1,1 مەتر.‏
  13. 25‏:10 باڵ و نیوێک: نزیکەی 70 سانتیمەتر.‏
  14. 25‏:16 بڕوانە نامە بۆ عیبرانییەکان 9‏:4‏.‏
  15. 25‏:16 مەبەست لە دوو تەختەی ڕاسپاردەکانی خودایە وەک شایەتێک لەناو ئەو سندوقە پارێزراوە. بڕوانە 16‏:34 و 40‏:20‏.‏
  16. 25‏:17 قەپاغێکە بۆ داپۆشینی سندوقی پەیمان، لە ڕۆژی کەفارەت خوێنی قوربانی لەسەر ڕژاوە بۆ لێخوشبوونی گوناه.‏
  17. 25‏:18 دوو کەڕوب: جووتێک پەیکەری بوونەوەری ئاسمانی باڵدارە، لە شێوەی مرۆڤ و ئاژەڵ، بۆ پارێزگاریکردنی سندوقی پەیمان دانرابوون، بڕوانە عیبرانییەکان 9‏:5‏‏.‏
  18. 25‏:22 عیبری: سندوقی شایەتی.‏
  19. 25‏:23 دوو باڵ: نزیکەی 90 سانتیمەتر.‏
  20. 25‏:23 باڵێک: نزیکەی نیو مەتر.‏
  21. 25‏:23 باڵ و نیوێک: نزیکەی 70 سانتیمەتر.‏
  22. 25‏:39 تالنتێک: نزیکەی 34 کیلۆگرام.‏
  23. 26‏:1 ئەو پارچە ڕستراوانەی کە ڕەشماڵ یان چادری پێ دروستدەکرێ.‏
  24. 26‏:2 بیست و هەشت باڵ: نزیکەی 12,5 مەتر.‏
  25. 26‏:2 چوار باڵ: نزیکەی 1,8 مەتر.‏
  26. 26‏:8 سی باڵ: نزیکەی 13,5 مەتر.‏
  27. 26‏:8 چوار باڵ: نزیکەی 1,8 مەتر.‏
  28. 26‏:13 باڵێک: نزیکەی نیو مەتر.‏
  29. 26‏:16 دە باڵ: نزیکەی 4,5 مەتر.‏
  30. 26‏:16 باڵ و نیوێک: نزیکەی 70 سانتیمەتر.‏
  31. 26‏:32 یان کۆڵەگەی.‏
  32. 26‏:33 چادری چاوپێکەوتن پێکهاتبوو لە دوو بەش، شوێنی پیرۆز و هەرەپیرۆز. کە شوێنی هەرەپیرۆز تەنها کاهینی باڵا بۆی هەبوو ساڵانە تەنها جارێک بچێتە ناوی بۆ کەفارەتکردن. بڕوانە لێڤییەکان 16‏:17.‏‏
  33. 27‏:1 پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر.‏
  34. 27‏:1 سێ باڵ: نزیکەی 1,4 مەتر.‏
  35. 27‏:3 کاهین ئەم تاسانەی بۆ پرژاندنی خوێنی قوربانی بەکاردەهێنا، وەک هێمایەک بۆ کەفارەتی گوناهەکانی خەڵک. بڕوانە 29‏:20 و زەکەریا 9‏:15؛ 14‏:20 و عیبرانییەکان 9‏:13‏‏.‏
  36. 27‏:9 سەد باڵ: نزیکەی 46 مەتر.‏
  37. 27‏:12 پەنجا باڵ: نزیکەی 23 مەتر.‏
  38. 27‏:14 پازدە باڵ: نزیکەی 6,9 مەتر.‏
  39. 27‏:16 بیست باڵ: نزیکەی 9 مەتر.‏
  40. 27‏:18 پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر.‏
  41. 27‏:21 لێرە مەبەستی لە چادرەکەی پەرستنە کە لە بەشی 26 باسکراوە.‏
  42. 27‏:21 عیبری: شایەتییەکە.‏
  43. 28‏:16 نزیکەی 22 سەنتیمەتر.‏
  44. 28‏:17 یاقووت: گەوهەری سووری تۆخ.‏
  45. 28‏:18 بەردە پیرۆزە: بەردێکی شینی سەوزباو.‏
  46. 28‏:30 دوو بەردی گرانبەها بوون، لە کاتی بڕیاردان بۆ زانینی خواستی خودا بەکارهێنراون، بڕوانە یەکەم ساموئێل 23‏:9‏-12.‏‏
  47. 28‏:36 بۆ یەزدان تەرخان کراوە.‏
  48. 29‏:14 قوربانی گوناه: پێشکەشکردنی قوربانی لە پێناو گوناه یاخود تاوان، کاریگەری هەیە لەسەر دووبارە گەڕاندنەوەی مرۆڤ بۆ ناو ژیانی خواپەرستی.‏
  49. 29‏:20 نەرمەی گوێ.‏
  50. 29‏:22 دوگ یان دونگ.‏
  51. 29‏:23 ناسکە نانێک: ناوەشکێنە.‏
  52. 29‏:24 لەم قوربانییەدا هارون و کوڕەکانی چەند جارێک قوربانییەکە بەرز دەکەنەوە کە هێمایەکە بۆ تەرخانکردن بۆ خودا.‏
  53. 29‏:40 دەیەکی ئێفەیەک: نزیکەی دوو لیتر.‏
  54. 29‏:40 چارەکە هەینێک: نزیکەی یەک لیتر.‏
  55. 30‏:2 باڵێک: نزیکەی نیو مەتر.‏
  56. 30‏:2 دوو باڵ: نزیکەی 90 سانتیمەتر.‏
  57. 30‏:13 نیو شاقل: نزیکەی شەش گرام زیو.‏
  58. 30‏:13 یەک گێرا: نزیکەی 0‏،6 گرام؛ 20 گێرا: نزیکەی 12 گرام.‏
  59. 30‏:23 نزیکەی شەش کیلۆگرام.‏
  60. 30‏:23 موڕ ئاوێکی بۆن خۆشە لە گەڵای جۆرە گوڵێک دەردەچێت.‏
  61. 30‏:24 دارێکە بۆ بۆنخۆشی بەکاردێت.‏
  62. 30‏:24 هەینێک: نزیکەی چوار لیتر.‏
  63. 31‏:13 لە زمانی عیبری بە وشەی شەبات‏ هاتووە، مەبەستی ڕۆژی حەسانەوەیە، کە ڕۆژی دوای شەش ڕۆژی بەدیهێنان خودا حەسایەوە، بڕوانە پەیدابوون 2‏:2‏.‏
  64. 33‏:7 چادرێکی بچووک بووە پێش دروستکردنی چادری پەرستن، لەوێ موسا ڕاوێژی لەگەڵ خودا دەکرد لەسەر هەر بابەتێک.‏
  65. 33‏:19 وەک ئەوەی خودا بە موسا بفەرموێت: (بە ویستی خۆمە لەگەڵ کێ بمەوێت، لەگەڵی میهرەبان دەبم و بە بەزەیی دەبم.) بڕوانە ڕۆما 9‏:15‏‏.‏
  66. 34‏:13 ستوونە ئەشێرا: هێمای خواژنە. بڕوانە یەکەم پاشایان 11‏:5‏‏.‏
  67. 34‏:14 واتای حەسوود، ئەمەش بە مەبەستێکی باش هاتووە، چونکە خودا نایەوێت هیچ خودایەکی دیکە بپەرسترێت.‏
  68. 34‏:15 دوورکەوتنەوە لە خودا و بتپەرستی وەک لەشفرۆشییە یان وەکو ناپاکیکردنی ژنە لە هاوسەرەکەی.‏
  69. 34‏:16 بە واتای لەشفرۆشی جەستەیی و ڕۆحیش دێت. بەو کەسە دەگوترێت کە لاف لێدەدات بەوەفایە بۆ یەزدان، بەڵام لە هەمان کاتدا ستایش و قوربانی بۆ خودایەکی دیکە دەکات. واتە لە بنەڕەتدا کەسەکە بێوەفایە لەگەڵ یەزدان، هەروەک چۆن پیاوێک بێوەفا بێت بەرامبەر بە ژنەکەی.‏
  70. 34‏:20 مەبەست لە کوشتنی جاشکەکەیە.‏
  71. 34‏:22 هەروەها وەک جەژنی دروێنەش ناسراوە (بڕوانە دەرچوون 23‏:16‏‏) 50 ڕۆژ لەدوای جەژنی فەتیرە بووە، کە دەکاتە حەوت هەفتە.‏
  72. 34‏:22 بەپێی ڕۆژمێری ئەو سەردەمە پاییز کۆتایی ساڵ بووە.‏